نانسی پیڵۆسی ئەو ژنەی ئاگری لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بەردا

2022-08-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بە ژنێکی سەرکێش ناسراوە، زوو ھەڵدەچێت، جارجار چەکوشەکەی بەتوندی دەکێشێت بە مێزەکەیدا، دەڵێن باوەڕی بەخۆیەتی و بەگوێی کەس ناکات، تۆمەتباری دەکەن بەوەی جەنگی سێیەمی جیھان لەسەر دەستی ئەو ھەڵدەگیرسێت.

ئەوە ژنەش "نانسی پیلۆسی"سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە کە جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و بەسەردانێک ئاگری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بەردا، خەریک بوو تایوان بەدەردی ئۆکراین بەرێت.

نانسی پیلۆسی لە ھەشتاکانی تەمەنیدایە، لە شاری بالتیمۆری ئەمریکا لە خێزانێکی ئەمریکی ئیتاڵی لە دایکبووە، پیلۆسی تاقە خوشکی پێنج برایە و خێزانەکەی نازی زۆریان داوەتێ.

پیلۆسی لە منداڵییەوە تێکەڵاوی سیاسەت بووە، باوکی سیناتۆری دیموکراتەکان بووە و ماوەیەکیش سەرۆکی شارەوانی ویلایەتی میریلاند بووە، ھاوڕێکانی بە کچی سەرۆکی شارەوانی بانگیان کردووە. 

ئەم تێکەڵاوییەی لە کاروباری سیاسی وای لە پیلۆسی کرد لە زانکۆ زانستی سیاسی بخوێنێت، لەساڵی ١٩٨١ دا بووەتە بەرپرسی دیموکراتەکان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و لە ساڵی ١٩٨٧دا بووەتە ئەندامی کۆنگرێس. 

پیلۆسی ساڵی  ٢٠٠٢ سەرۆکی دیموکراتەکانی کردووە  لە کۆنگرێس، یەکەمین ژن بووە لە مێژووی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی، ھەرچەندە ساڵی ٢٠١٠ کۆمارییەکان پۆستەکەیان لێبردەوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ چووەوە سەر کورسییەکەی.

پیلۆسی لەساڵی ٢٠١٤ ناوی لە ڕیزی پێشەوەی ژنە بەھێزەکانی جیھان ھێندراوە، ئەو بەھێزیەی وایکردووە سەرسەختانە ڕوبەروی سەرۆکەکانی ئەمریکا بوەستێ و رەخنەبارانیان بکات.

ئەم ژنە ڕاشکاوانە رەخنەی توندی لە جۆرج دەبلیو بۆش گرت کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ھێرشی سەربازیی بۆ سەر عێراق ئەنجامدا، لەگەڵ دۆناڵد ترامپیش کەوتە ناکۆکی توندەوە و ھەوڵی دوورخستنەوەیدا لە پۆستەکەی.

بە ژنێکی کە للەرەق ناسراوە و دەڵێت ھیچ شتێک نییە ڕای بگرێت، لە گەرمەی ھێرشەکانی ڕوسیا بۆ ئۆکراین سەردانی کیێڤی کرد و لەگەڵ زیلینسکی کۆبووەوە، لەگەڵ ھەڕەشە توندەکانی چین سەردانی دوورگەی تایوانی کرد و وتی، ئەو سەرەی ھێناومە نای بەمەوە و دەبێت ئەو دورگەیە ببینم.

ئەو فرمێسک بۆ قوبانیان شەڕی ئیسرائیل - فەلەستین دەڕێژیت و داوای ئاگربەستی نێوانیان دەکات، ڕەخنەش  لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت ئەوەی تورکیا بەرامبەر کورد دەیکات ھیچی کەمتر نییە لە جینۆسادی ئەرمەنەکان.