عێراق سەرباری نەوت ڕوو لە وەبەرھێنانی گازیش دەکات

2021-06-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
عێراق پەرە بە وەبەرھێنانی گازی سروشتی دەدات و سعودیەش خوازیارە وەبەرھێنان لە کەرتی ووزەی عێراقدا بکات.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە توانیوانە ئەو گازەی لەگەڵ نەوتدا بەفیڕۆ دەڕۆی بەرھەمی بھێنن، بەم ھۆیەشەوە بەرھەمی گازی سروستی ساڵانە زیاد دەکات بۆ ٢ ملیار و ٦١٢ ملیۆن پێ سێجا.

عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە بە ڕێژەی ٥٠٪ بۆ ٦٠٪ وەبەرھێنان لە گازدا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سعودیە خوازیارە لە کێڵگەی گازی عوکازدا وەبەرھێنان بکات و پشکی ھەبێت لە وزەی عێراقدا.

زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی عێراق بە چڕی ئاڕاستەی وەبەرھێنانی ڕوو کردووەتە بواری گاز و تا ئێستا شەش گرێبەستی گەورەی بواری گازی لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسی و بەریتانی و ئیماڕاتی و ئێرانیەکان ئیمزاکردووە.