بەھای دراوە بیانییەکان و نرخی ئاڵتون ڕووی لە دابەزین کرد

2021-06-12   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نرخی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد دوای ئەوەی بەرزترین ئاستی لە ھەفتەی ڕابردوودا تۆمارکردبوو.

بەھۆی کاریگەری بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار، بەھای ئەو دراوە بیانییە ڕووی لە دابەزین کرد و ھاوکات نرخی ئاڵتون-یش دابەزی.


ئەمڕۆ بەراورد بە دوو ڕۆژی ڕابردوو نرخی دۆلار کەمێک دابەزیوە و ١٠٠ دۆلار بە کڕین بە ١٤٩ ھەزار و ٥٠٠ دینارە و بە فرۆشتن بە ١٥٠ ھەزار و ٢٥٠ دینارە و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار و خستنەبازاڕی ئەو دراوە بیانییە، کاریگەری لەسەر دابەزینی زیاتری نرخەکەی دەبێت دوای ئەوەی نرخەکەی گەیشتە ١٥١ ھەزار دینار .


دوای ئەوەی نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست لە ھەفتەی ڕابردوودا، لە دوێنێوە دەستی بە دابەزین کردووەتەوە و ئەوەش بەھۆی کاریگەری ھەڵئاوسانی ئابووری لە ئەمریکایە، ئەمڕۆ بەھای یەک ئۆنسە دابەزیوە بۆ ١٨٧٦ دۆلار و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٩٦ ھەزار دینارە و عەیارە ١٨ بە ٣٤٠ ھەزار دینارە.