تەکنەلۆژیا

"هۆندا" فیلتەرێک بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست دەکات


لە هەواڵێکی ئاژانسی "ترێندس واید"دا هاتووە، کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئوتومبێلی ژاپۆنی "هۆندا" فیلتەرێکی دژە ڤایرۆسی بۆ ئوتومبێلەکانی دروستکردووە بە ناوی (کۆرۆماکۆ) کە بە ڕێژەی ٩٩.٨٪ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو دەبات.

بە پێی هەواڵەکە، فیلتەرەکەی "هۆندا" هاوشێوەی ماسکی ڕووخسار کاردەکات و ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەگرێت، بە جۆرێک کە فیلتەرەکە لەسەر دەرچەکانی سیستمی هەواگۆڕکێی گەرمی و ساردی ئوتومبێلەکە جێگیر دەکرێت و سەر ڕوویی دەرەوەی فیلتەرەکە بە مادەیەکی تایبەت ڕووپۆش کراوە کە دەتوانێت ڤایرۆسەکانی لە هەوادان بگرێت و لەناویان ببات بەهۆی کارلێکی کیمیایی پەیدابوو لە ماددەکانی زینک و فۆسفات کە دەکرێنە ئوتومبێلەکانەوە بۆ ڕێگەگرتن لە ژەنگ کردن.

لەو بارەیەشەوە، کۆمپانیا ژاپۆنییەکە ڕایگەیاندووە، کە پێیان وایە (کۆرۆماکۆ) لە توانایدایە لە ماوەی تەنها ١٥ خولەکدا ٩٩.٨٪ی ئەو ڤایرۆسانە لەناو ببات کە بەهۆی بەریەککەوتنی کەسەکان و پۆشاکی سەرنشینانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناو بەشەکانی ئوتومبێلەکان وەک سەر کوشنەکان و هەوای ناو ئوتومبێلەکان، لە کاتێکدا لەناوچوونی ڤایرۆسەکانی ڕووی دەرەوەی ئوتومبێلەکان پێویستی بە ٢٤ سەعات هەیە.

لە کۆتایشدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ماوەی کارابوونی چالاکانەی فیلتەرەکە دیاریکراوە و پێویستە ساڵانە یاخود لە دوای بڕینی مەودای ١٥ هەزار کیلۆمەتر بگۆڕدرێت.

مانگ پێشتر - Jan 8 2021 5:19PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1