ئابوری

نرخی خۆراک بەرزترین ئاست تۆماردەکات


نرخی خۆراک لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، و رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیھان بۆ حەوتەمین مانگی یەک لەدوای یەک بەرزبونەوەی بەخۆیەوە دیوە، و مانگی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، ئەویش بەکاریگەریی بەرزبونەوەی نرخی دانەوێڵە و شیرەمەنیەکان جگە لە شەکر، پێوەری تایبەت بە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی، کە گۆڕانکاریەکان لە نرخی دانەوێڵە و رۆنی رووەکی و بەروبوومی شیرەمەنیەکان و گۆشت و شەکر  بەو پێوەرە دیاری دەکرێت، لەو مانگەدا بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە و گەیشتۆتە ١٠٧ پۆینت ٥ خاڵ، ئەویش بەبەراورد لەگەڵ مانگی پێشوتردا کە گەیشتبووە ١٠٥ خاڵ.
 
تێکڕا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا پێوەرەکە ٩٧ پۆینت ٩ ی تۆمارکردوە، کە ئەوەش بە بەرزترین ئاست دادەنرێت لە ماوەی ٣ ساڵی رابردووداو لەسەر بنەمای ساڵانە لەسەدا ٣ پۆینت ١ زیادی کردوە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە ساڵی ٢٠١١ دا تۆمار کرا و لەو ساڵەدا پێوەرەکە ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و نرخەکان بە رێژەی لەسەدا ٢٥ بەرزبونەوەیان بەخۆیانەوە دی، ھاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی خۆراکدا، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی چونەتە ژێر ھێڵی ھەژاریەوە، ئەوەش توانای کڕینی لای ئەو چینە لاوازتر کردووە.  

رێکخراوی خۆراکی جیھانی (دەبلیو ئێف ئۆ) پێشبینیی کردوە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن کەسی تر لە سەرانسەری جیھاندا بکەونە ژیر ھێڵی ھەژارییەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەفریقا. 

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن بەرنامەی خۆراکی جیھانیەوە ئەنجامدراوە ئاشکرای دەکات نەبوونی ئاسایشی خۆراک کاریگەریی لەسەر لێشاوی کۆچبەرانیش ھەیە لەسەرانسەری جیھاندا و خەڵکی لەدەست نەبوونی خۆراک ناچارن زێدی خۆیان بەجێ بھێڵن و روو لە وڵاتانی تر بکەن.



مانگ پێشتر - Jan 8 2021 12:02PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
123