پاش زیاتر لە شەش مانگ لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان، ئەمڕۆ تەرمی سێ کۆچبەری کورد گەڕێنرایەوە ھەرێمی کوردستان.
"حسێن حەمەساڵح" نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی سێ کۆچبەری کورد لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر تەرمەکان دەبرێنەوە بۆ سلێمانی و دەوروبەری و لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ژێرئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە ٢١-١٢-٢٠٢١ نزیک دورگەی سانتۆرینی یۆنان، تەرمی ئەو سێ کۆچبەرە کوردە بە چەند قۆناغێکی جیاجیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزراونەتەوە.