ڕووسیا: ناتۆ بە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا دەگەڕێت

2022-07-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ، خراپترین ئەڵقەی پێشھاتە ئەمنییەکان لە ئەوروپا، چونکە ناتۆ بە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا دەگەڕێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، فراوانبوونی ناتۆ و ھاتنە ناوەوەی فینلەندا و سوید، یەکێکە لە خراپترین ڕووداوەکانی پەرەپێدانی ئاسایشی ئەوروپا.

وتیشی، ناتۆ بە تۆمەتی ئەوەی ڕووسیا ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەری، لە ھەموو ڕوویەکەوە بە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا دەگەڕێت.

ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی ھەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی لووتکەی ناتۆ دەکات، بۆ ئەوەی ڕێکاری پاراستنی ئاسایشی خۆی بگرێتەبەر.

ھەفتەی ڕابردوو سەرەڕای ھۆشدارییەکانی ڕووسیا، لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی لە مەدرید، ناتۆ بە ڕەسمیی سوید و فینلەندا بانگھێشتکرد بۆ ئەوەی ببەنە ئەندامیی ڕێکخراوەکە و بڕیار وایە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە پرۆتۆکۆڵی بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە ئیمزا بکرێت.