لە ھەولێر ٤٦ بەنزینخانە بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ داخران

2022-06-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ھەولێر ٤٦ بەنزینخانەی دیکە بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالیتییەکەی داخران و ناوی سێ بەنزینخانە بەھۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی بڵاوکرایەوە.

پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ھەولێر لە ماوەی ٢ ھەفتەدا ٤٦ بەنزینخانەیان بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ سزا داوە و خاوەنەکانیان ناچار کردوون بەنزینخانەکانیان دابخەن.

پارێزگای ھەولێر دەشڵێت، رێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنی ئەو بەنزینخانانە گیراوەتەبەر و داواش لەھاووڵاتیان دەکات لەکاتی تێبینیکردنی ھەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالێتیەکەی لەزووترین کات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی ھەولێر بکەنەوە.

راشیگەیاند، "کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاکو ئەمڕۆ سزادراون (١٢٢) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (٣) بەنزینخانە بەھۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالیتیی، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە. ناوی بەنزینخانەکان:- یەکەم/ بەنزینخانەی فیراری. دووەم/ بەنزینخانەی ھیوا/ تەیراوە. سێیەم/ بەنزینخانەی رۆڤا."