پارێزگاری سلێمانی: ھەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن دادەخرێن

2022-06-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، ھەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن؛ دادەخرێن و، ھەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە؛ ڕادەگیرێت.

پارێزگاری سلێمانی چەند رێنماییەکی نوێی لەبارەی ھەڵگرتن و مامەڵەکردن بە چەک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لیژنەی ھاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەکەکارگێڕییەکاندا؛ وەک ھەمیشە خاڵی پشکنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەکاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت."

د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، ئەو ھاوڵاتییانەی کە بە چەکی بێمۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاکان و ھەر شوێنێکی دەکەن، راستەوخۆ دەست بەسەر چەکەکەیاندا دەگیرێت.

دەشڵێت، ھەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ کاری پێویست، داوا لە ھاووڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین ھاوکارو ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.