وەزیری ناوخۆ: دواکەوتنی دۆسیەکان لە دادگاکان ھۆکارە بۆ زۆربوونی توندوتیژی

2022-06-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دواکەوتنی دۆسیەکان لە دادگاکان ھۆکارە بۆ زۆربوونی توندوتیژی و بەو ھۆیەوە زۆر جار کێشەیەکی بچووک گەورە تر دەبێت تا دەگاتە بەکارھێنانی چەک.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو چەکەی بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ئەو چەکانەیە کە لە دەست ئۆرگانە فەرمییەکانی وەک ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیسدان.

 رێبەر ئەحمەد وتیشی، لە ئێستادا شوێنێک نییە تاوەکو ھێزەکانی پێشمەرگە چەکەکانی خۆیانی تێدا ھەڵبگرن، بۆیە داوا لە وەزیری پێشمەرگە کراوە تاوەکو شوێنێک بۆ کۆگاکردنی چەکی پێشمەرگە دابین بکرێت و ھێزەکانی پێشمەرگە لەدوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان چەک لەو کۆگایە دابنێن.

راشیگەیاند، ئەو کەسەی کە چەک ھەڵدەگرێت پێویستە بایۆمەتری لەلای حکومەتی ھەرێم ھەبێت، و بە میکانیزمی نوێ شێوازی کڕین و فرۆشتنی چەک رێکدەخرێت.