بایدن: ھێزە ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەکانمان لە ئەوروپا زیاد دەکەین

2022-06-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ئەمریکا زیادکردنی ھێزە ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەکانی لە ئەوروپا ڕادەگەیەنێت و پۆڵەنداش دەڵێت خەونیان بەو ھەنگاوەوە بینیوە.

جۆو بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند، لە داھاتوویەکی نزیکدا ھێزە ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەکانیان لە ئەوروپا زیاد دەکەن، بە شێوەیەک کەشتییە جەنگییەکانیان لە ئیسپانیا لە چوار کەشتییەوە دەکەنە شەش کەشتی و ٢ بۆ ٣ ھەزار سەربازی شەڕکەریش بۆ ھێزەکانیان لە پۆڵەندا زیاد دەکەن، دوو فڕۆکەی دیکەی جۆری ئێف ٣٥یش ڕەوانەی بەریتانیا دەکەن و ھێزی ئاسمانیش لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا زیاد دەکەن.

لە بەرامبەریشدا حکومەتی پۆڵەندا پێشوازی لەو بڕیارەی بایدن کرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی ئێستا سەرۆکی ئەمریکا داویەتی، چەند ساڵێکە پۆڵەندا خەونی پێوە دەبینێت و چاوەڕوانی جێبەجێکردنیەتی.

ڕووسیاش لەسەر ئەو پرسە ھۆشداری داوەتە ئەمریکا و دەڵێت، واشنتۆن لە خەیاڵدا دەژی ئەگەر پێی وابێت بەو ھەنگاوە ڕووسیا دەترسێنێت و بە دڵنیاییش مۆسکۆ کاردانەوەی دەبێت و دەستەوەستان نابێت.