تەکنەلۆژیا

سیستمێک بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی ماسک دەبەستن


لە هەواڵێکی ئاژانسی "BBC"دا هاتووە، کۆمپانیای "NEC"ی ژاپۆنی کە کاری بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی سیستمەکانی ناسینەوەی ڕووخسار (FRS) دەکات، سیستمێکی هاوشێوەی دروستکردووە کە دەتوانێت ڕووخساری کەسەکان بناسێتەوە تەنانەت ئەگەر ماسکیشیان بەستبێت.

بە گوێرەی هەواڵەکە، سیستمەکە زۆر بە وردی ئەو بەشانەی ڕووخسار دەپشکنێت کە دانەپۆشراون وەک چاوەکان و شێوازی چێوەی ڕووخسار بۆ دڵنیابوونەوە لە پێناسی کەسەکان بە بەراوردکردنی لەگەڵ ئەو داتایانەی لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی  ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەدا تۆمار کراون.

لەو بارەیەشەوە کۆمپانیای "NEC" ڕایگەیاندووە، کە بە گشتی پڕۆسەکە کەمتر لە چرکەیەک دەخایەنێت و ڕێژەی وردی و دروستی ٩٩.٩٪یە. لە ئێستاشدا کۆمپانیای ناوبراو وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بەریەککەوتن، سەرقاڵی تاقیکردنەوەی سیستمەکەیە لە بارەگای سەرەکی خۆی لە تۆکیۆ، تا بتوانن لە بازاڕگەری و شێوازی پارەدانی ئەلیکترۆنیدا بەکاریبهینن لە فرۆشگاکاندا بە جۆرێک سیستمەکە بە ناسینەوەی ڕووخساری کڕیار بڕی پارەی دیاریکراو لە ئەژماری بانکی کەسەکە وەردەگرێت بێ ئەوەی هیچ بەریەککەوتن و نزیکبوونەوەیەک ڕووبدات.

جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری لەندەن و زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی وەک "لوفتهانسا" و هێڵی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی سویسرا، سیستمی ڕاستەوخۆی ناسینەوەی ڕووخساری ناسراو بە "NeoFace" بۆ بەراوردکردنی ڕووخساری کەسەکان بەکاردەهێنن کە بەرهەمی کۆمپانیای "NEC"ی ژاپۆنییە.



مانگ پێشتر - Jan 7 2021 5:08PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1