جەنگی ئۆکراین لە لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئیسپانیا تاوتوێ دەکرێت

2022-06-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئیسپانیا دەستپێدەکات، پرسی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ڕێکخراوەکە و جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبن.

لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنییدا، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی پەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ"، دەستپێدەکات و تاکو ٣٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

پرسی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ڕێکخراوەکە و نیگەرانییەکانی تورکیا لەو پرسە و بەردەوامی جەنگی ڕووسیا لە دژی ئۆکراین، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبن و بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکاندا ڤۆلۆدیمیر زیلینسیکی سەرۆکی ئۆکراین بە ئۆلاین بەشداری بکات.

بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەکان، ڕێکاری توندی ئەمنیی گیراونەتەبەر، حکومەتی ئیسپانیا نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و لە چەندین شەقام و ناوچەی کۆبوونەوەکان، ھاتوچۆ قەدەغە دەکرێت.