ئەمریکا ئیدانەی ھێرشەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات

2022-06-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیەنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەم ھێرشانە بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری لە ھاوبەشەکانمان دەکات و ئیدانەی  ئەو ھێرشانە دەکەین دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی لە ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی. 

وتیشی، ئەو ھێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئابووری داڕێژراون و مەبەستیان چاندنی تۆوی دووبەرەکی و ترساندنە.

راشیگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوە لەم ھێرشانە بکرێن و ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی خەڵکی عێراق و لەوانەش ھاوبەشەکانمان لە ھەرێمی کوردستان لە دژی ئەم جۆرە توندوتیژییە قبوڵنەکراوەدا و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی ھەر دەرفەتێک بۆ پشتگیریکردنی ئاسایش و بەرەوپێشچوونی عێراق.