قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرمایەدار و وەبەرھێنەری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و پێی راگەیاندن لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەری کێشەی رۆتین و ئەو گرفتانە دەکەن کە رووبەڕووی وەبەرھێنەران دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی وەبەرھێنەران کە لەکاتی وەرگرتنی پڕۆژەیەکدا رووبەروویان دەبێتەوە و بەڵێنی پێدان کە پلانیان ھەیە لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وەبەرھێنەران و کەمکردنەوەی رۆتین.
قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ وەبەرھێنەران دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە بەھێزکردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت ستراتیژی حکومەتی ھەرێمە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئابوری و لەمڕووەوە بە ھەموو تواناوە کاردەکەن زەمینەی لەبار بۆ وەبەرھێنان بڕەخسێنن تا وەبەرھێنەران بە خەیاڵی ئاسودەوە پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.