زیاتر لە دوو ھەزار و ٢٥٠ کەس لە عێراق، بەھۆی خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران، زۆربەشیان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێھێشت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەھۆی دواین شەپۆلی خۆڵبارینەوە لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، زیاتر لە دوو ھەزار و ٢٥٠ حاڵەتی تەنگەنەفەسییان لە دامەزراوە تەندروستییەکان تۆمارکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بە تەندروستییەکەی باشەوە نەخۆشخانەیان بەجێھێشتووە.
رۆژی شەممە شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەھۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و بەغداد و نەجەف راگیران.