ئەردۆغان رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا

2022-06-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیای توڕە کردووە و وای لێکردووە ھەڕەشەی بەکارخستنەوەی سزای لە سێدارەدان بکات لە وڵاتەکەی، لە وتەیەکیدا ڕایگەیاندووە، سزای لە سێدارەدان ڕێگری لە ئەنجامدانی ھەندێک تاوان دەکات و پێویستە چاوپیاخشاندنەوەی بۆ بکەن.

ئەردۆغان خواستی گەڕانەوەی سزای لەسێدارەکانی لە تورکیا نەشاردووەتەوە و باسی لەوەکردووە، ئەگەر پەرلەمانی وڵاتەکەی سزای لەسێدارەدان پەسەند بکات ئەویش ئامادەیە ئیمزای لەسەر بکات، یاخود لە رێگەی راپرسییەوەکە دەتوانین رێگا بۆ گەڕانەوەی سزای لەسێدارەدان خۆش بکەین.

لە دوای کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەردۆغان چەندین جار باسی لەوەکردووە، بەنیازە دووبارە کار بەسزای لەسێدارەدان بکات، ئەوەش لەکاتێکدایە لەساڵی ٢٠٠٢ بەمەبەستی خواستی بەئەندامبوونیان لەیەکێتی ئەوروپا، یاسای لەسێدارەدان لە تورکیا ھەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ھەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ دووبارە کارکردنەوەی سزای لەسێدارەدان کۆتایی بە خەونی چونە نێو یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا لەبار دەبات.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی"ماڕماڕیس"ی  سەر بە  پارێزگای "موغلا" کەوتووەتەوە و زیاتر لە چوار ھەزار ھێکتار زەوی  دارستانەکان سوتاون و سەدان کەسیش ئاوارە بوون. 
بە ھۆی خێرایی با ئاگرەکە لە چەند ناوچەیەکدا زیاتر تەشەنەی سەندووە. وێڕای بەردەوامی ھەوڵەکان لە ئاسمان و زەوییەوە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و ھاوڵاتیانی تورکیا و پارتە ئۆپزسیۆنەکان رەخنەی توند لە ئەردۆغان دەگرن بەوەی ئامادەکاری نەکردووە بۆ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکان. 

لای خۆیەوە سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکردووە، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە، کە ئاگری لە دارستانەکانی"ماڕماڕیس" بەرداوە و دانیناوە، بەوەدا کە  بەھۆی ناکۆکییەکی بازرگانی کە لە کۆنەوە لە نێو بنەماڵەکەیدا لەسەر ئەو ناوچەیە ھەیبوە دارستانەکەی سوتاندووە.

ھاوینی ساڵی  رابردوو ٣٠٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگاکانی باکوری کوردستان و تورکیادا روویدا. بەو ھۆیەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا، سەدان ھەزار ھێکتار زەوی سووتان.