ریاڵ مەدرید چاوەڕێی وەڵامی ڤاران دەکات

2021-06-09   |  
رافائێل ڤارانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یانەی ریاڵ مەدرید ئۆفەرێکی پێشکەش رافائێل ڤارانی بەرگریکاری فەڕەنسی کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی درێژ بکات ، بەڵام ئەو یاریزانە تا ئێستا وەڵامی ئیدارەی لۆس بلانکۆسی نەداوەتەوە .

ڤارانی تەمەن ٢٨ ساڵ کە ھاوینی ٢٠٢٢ گرێبەستەکەی کۆتایی دێت لە ماوەی یاریکردنیدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەرجەم نازناوەکانی بەدەست ھێناوەو بەپێی راپۆرتە ھەواڵییەکان ئەو بەرگریکارە دەیەوێت یانەکە جێبھێڵێت و ھەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و پاریس سان جێرمانیش کێبڕکێی بەدەست ھێنانی دەکەن .
مووچەی ساڵانەی ڤاران ٥.٥ ملیۆن یۆرۆیە لەگەڵ ریاڵ مەدرید ، بەڵام ئیدارەی یانەکە ئامادەن لە گرێبەستە نوێیەکەیدا مووچەکەی زیاتر بکەن .
بەپێی ھەواڵێکی سایتی مارکا ، مووچەکەی ریاڵ ھەرچەنێک بێت  ،ئەوا مان یونایتد و پاریس سان جێرمان پارەیەکی زیاتر دەخەنە بەردەست ئەو بەرگریکارە فەڕەنسیە بۆ ئەوەی وەرزی داھاتوو بیگوازنەوە بۆ ریزەکانیان .


ئەوەش لە کاتێکدایە سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی یانەکەی نزیکە لەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێبھێڵێت و رەنگە کارلۆ ئەنچیلۆتی راھێنەری نوێی مێرێنگیش تەنیان میلیتاو و ناچۆ و دەیڤد ئالابای لەبەردەست بمێنێت لە ھێڵی دڵی بەرگریدا .