نەجیب میقاتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی لوبنان راسپێردرا

2022-06-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
میشال عون سەرۆک کۆماری لوبنان نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ راسپارد.

دوای کۆتایی ھاتنی راوێژی پەرلەمانی و بەدەستھێنانی متمانەی ٥٤ پەرلەمانتار لە کۆی ١٢٨ پەرلەمانتار، میشال عون سەرۆک کۆماری لوبنان نەجیب میقاتی بۆ پێکھێنانی حکومەتی ژمارە ٧٨ لە مێژووی وڵاتەکەدا راسپارد.

میقاتی لە وتەیەکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی داوایکرد، ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتەکەی بکرێت بۆ پەسەندکردنی رێککەوتن لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو، جەختیشی کردەوە، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی دراو دەربازکردنی لوبنان لە قەیرانەکان ئەستەمە.

میقاتی دووپاتیشیکردەوە، لوبنان بەسەر قەیرانەکاندا سەردەکەوێت و رێگەنادەن ھەرەسبھێنێت.

لە ١٥ی ئایاری رابردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە لوبنان ئەنجامدرا و لە ١٣ی ئایار نەبییە بەڕی، بۆ جاری حەوتەم بە سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.