وەفدێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدادی کرد

2022-06-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی دروستبوون و دەستبەکاربوونی دوو لیوا ھاوبەشەکەی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەواو بوون، تەنھا دابینکردنی بودجە و شایستەی دارایی ماوە.

وەفدێکی وەزارەتی پێشمەرگەی بە سەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدادی کرد و لە دوو دیداری جیادا، لەگەڵ جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق و عەبدولئەمیر یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری عێراق کۆبونەوە.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزیری بەرگری باسیان لە وەرگرتنەوە و گێڕانەوەی ئەو پایانە کرد کە لە ناو سوپای عێراق پشکی پێشمەرگەن، ھەروەک، باسیان لە دوو لیوا ھاوبەشەکەی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

 لەوبارەیەوە جومعە عناد، وەزیری بەرگری رایگەیاند، رێکارەکانی دروستبوون و دەستبەکاربوونی دوو لیوایەکە لە وەزارەتی بەرگری تەواوبوون، ئەوەی ماوەتە دابینکردنی بودجە و شایستەی داراییە بۆ دوو لیواکە، کە دەبێت لە ئاستی حکومەت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆیان دابین بکرێت.