نرخی ڤاكسینی كۆرۆنا لە بازاڕی ڕەشدا بۆ ١٠٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە
نرخی ڤاكسینی كۆرۆنا لە بازاڕی ڕەشدا بەرز دەبێتەوە و بەرپرسانی تەندروستی ئەوروپا و ئەمریكاش هۆشداری دەدەن لە گرانكردنی نرخی ڤاكسین.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، چەندین كۆمپانیا لە ڕێگەی ئەكاونتی ساختەوە لە بازاڕی ڕەشدا ڤاكسینی كۆرۆنا دەفرۆشن و نرخی ڤاكسینەكانیش لە ١٥٠ دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە هەزار دۆلار كە لە ڕێگەی حساب بانكییەوە پارەكە وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری گرانی و هەرزانی نرخی ڤاكسینەكە تەنها پەیوەستە بە كاتەوە و ئەگەر كڕیار بیەوێت بە زووترین كات بگاتە دەستی نرخی یەك ڤاكسین دەگاتە زیاتر لە هەزار دۆلار.
بەرپرسانی تەندروستی ئەوروپا و ئەمریكا هۆشداریشیان داوە گرانكردنی نرخی ڤاكسینەكان لە بازاڕی ڕەشدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە وڵاتە هەژارەكان و گرانكردنی نرخەكان لەسەریان.
|