باڵیۆزی روسیا لە بەریتانیا: روسیا لە ئۆکراین چەکی ئەتۆمی بەکارناھێنێت

2022-05-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
"ئەندریە کیلین" باڵیۆزی روسیا لە بەریتانیا رایگەیاند، روسیا چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراین بەکارناھێنێت.

باڵیۆزەکەی روسیا رایگەیاندووە، مۆسکۆ پێوەر و رێکاری زۆر قورسی ھەیە بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی و کاتێک ھەڕەشە لەسەر بوونی ئەو وڵاتە ھەبێت ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی ھەیە، بەڵام لە جەنگێکی ھاوشێوەی ئێستای ئۆکراین، پەنا ناباتە بەر بەکارھێنانی ئەو چەکە.

"ئەندریە کیلین" رەتیشیکردەوە روسیا مەدەنییەکان بۆردوومان بکات و وتی، دەنگۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شاری "بوچا"ی ئۆکراین تەنھا پڕوپاگەندەیە. 

دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکراینیش رایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکانی روسیا لە شاری "سیڤرو دونێتسک" لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین بەردەوامە و ژێرخانی سەربازیی ھێزەکانی ئۆکراین دەکەنە ئامانج. وەزارەتی بەرگری روسیاش رایگەیاندووە، لە دۆنێتسک و لۆھانسک زیاتر لە ١١ ھەزار مینیان لە پاشماوەکانی نازییەکان و ھێزەکانی ئۆکراین پوچەڵکردۆتەوە.