پەرلەمانی عێراق 'یاسای بە تاوانناساندنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل' پەسەند کرد

2022-05-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، یاسای "بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل"ی پەسەند کرد و سزای بۆ ھەر کەس و بەرپرسێک دیاریکرد، کە پەیوەندیی سیاسی یان سەربازیی و ئابووریی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات.

بەپێی یاساکە دروستکردنی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی یان ئابووری و سەربازیی یان ئەندامبوون لە رێکخراوێکی ئیسرائیلی و کارکردن بۆ ئامانجەکانی ئەو وڵاتە، بە تاوانناسێندراوە و ، سزای لەسەرە، تەنانەت بەپێی جۆری پەیوەندییەکە، سزاکە تا لەسێداردان یان زیندانیکردنی ھەتاھەتایی دەڕوات..

پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، یاساکە گرنگ و پێویستە بۆ ئەم قۆناغە و رێگری لە ھەر ھەوڵێک دەکات بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی.

پەرلەمانتار ئەحمەد موسەوی رایگەیاند، "یاساکە گرنگ و پێویستە بۆ ئەم قۆناغە بۆ رێگریکردن لەوەی کە ھەوڵ دەدات پەیوەندیی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیی دروست بکات، ھەڵوێستێکی مێژووییە بۆمان بۆ گەل عێراق لە رێگەی پەرلەمانەوە."

لەدوای پەسەندکردنی یاسای "بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل"، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا داوای لە ھاووڵاتیانی عێراق کرد نوێژی سوپاسگوزاری بکەن و بۆ دەڕبرینی خۆشحاڵی خۆشیان بچنە سەر شەقامەکان و ئاھەنگبگێڕن.

ھاوکات حاکم زاملی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، دەنگدان لەسەر یاساکە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی عێراقە و بۆ یەکەمین جاریشە لە جیھاندا پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان بناسێندرێت، داواشی لە پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد، یاسای ھاوشێوە دەربکەن.

دەرکردنی ئەو یاسایە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠ وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە و چەند وڵاتێکی تری عەرەبیش لە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکاندان.