عێراق بودجەی تایبەت بۆ زیادکردنی ڕوبەری سەوزایی تەرخان دەکات

2022-05-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، خۆڵبارین بووەتە دیاردەیەکی ھەرێمی و پێویستی بە ھەوڵی نێودەوڵەتی ھەیە و بڕیارە حکومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەت بۆ روبەڕووبوونەوەی خۆڵبارین تەرخان بکات.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین، حکومەتی عێراق دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ زیادکردنی ٤٠٠ ھەزار دۆنم لە ڕوبەری سەوزایی لە ھەر سێ پارێزگای موسەننا و زیقار و دیوانیە تەرخان دەکات.

لە سەرەتای وەرزی بەھاری ئەمساڵەوە، خۆڵبارین لە عێراقدا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ھۆشداریشدراوە لە کەبوونەوەی پشتێنەی سەوزایی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتوان.

لە عێراق ناوبەناو شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ دەستپێدەکات و تاوەکو ئێستا دەیان کەس بەھۆی تەنگەنەفەسی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ڕوو لە ناوچەکانی عێراق دەکات، جار جارە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ژینگە پارێزان دەڵێن وشکەساڵی ھۆکاری دروستبوونی خۆڵبارینە.