وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیایەکی نەوتی لە ھەرێم دادەمەزرێنێت

2022-05-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق، بە نیازە کۆمپانیایەکی نەوتیی لە ھەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت، داواش لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز لە ھەرێم دەکات، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ئیمزا بکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ئامانجیانە کۆمپانیایەکی نوێی نەوتیی لە ھەرێمی کوردستان دابمەزرێنن، کە بەشداریی بکات لە گرێبەستی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی ئێستا لە ھەرێم کار دەکەن.

وەزارەتی نەوت باسی لەوەشکردووە، داوا لە ھەموو کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز دەکەن، کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، لە بری حکوومەتی ھەرێم، گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، ئیمزا بکەن.

راشیگەیاند، بۆ رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی گرێبەستەکان، رێکاریی یاسایی دژی ئەو کۆمپانیاییانەی کە بە گرێبەستە کۆنەکانیان کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبن لە کارکردن، چونکە کارەکانیان نایاسایین.