ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: داعش ھەوڵی پەلاماردانی گرتووخانەکان دەدات

2022-05-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ھۆشداریی لە پیلانی داعش بۆ پەلاماردانی گرتووخانەکان لە عێراق و سوریا دەدات.

براندن پارکەر، سەرۆک ئەرکانی ھێزە ھاوبەشەکان لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، رایگەیاند، داعش بەردەوامە لە پیلانەکانی بۆ ئەنجامدانی پەلاماری نوێ بۆ سەر گرتووخانەکان، بەڵام ژمارەی تیرۆریستەکانی ئەو گرووپە کەمیکردووە و زیاتریش کەم دەکات و پێویستە فشارەکانی سەر گرووپەکە زیاتر بکرێن . 

وتیشی، متمانەیان بە توانای حکوومەتی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی ھەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکان ھەیە، بەڵام ئەو گرووپانە لە عێراق و ھەموو شوێنێکی تر، ژیانی زۆرێک لە خەڵک دەخەنە مەترسییەوە، کە بەھۆی ئەو مەترسییانەوە پێویستە ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام بێت.


راشیگەیاند، شکستھێنان بە داعش و پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتیانی عێراق بۆ ماوەیەکی درێژ بە ئەولەوییەتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە و شکستەکانی ئەم دواییەی داعشیش بە واتای ئەوە نییە، کە ئەو گرووپە ھەوڵ بۆ گەڕانەوە نادات.