نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوایکرد، پشتیوانی لە بڕیارەکانی دەزگای دادوەریی بکرێت و بەشێوەیەکی بەرژەوەندخوازانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مالیکی بڵاویکردەوە، لە پێناو ئەوەی دادگا ناوبژیوانێکی دادپەروەر بێت و قسەی کۆتایی ھەبێت لە سەرجەم ئەو کێشە و سکاڵایانەی دەخرێنە بەردەمی، پێویستە ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەریی بگیرێت و دان بنرێت بە بێلایەنی بوونیدا.
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربەخۆیی بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندی ھەر لایەک بێت، یان پێچەوانەی خواستی لایەکی دیکە بێت، پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت و نابێت بەشێوەیەکی بەرژەندخوازانە، مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەزگای دادوەریی بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مالیکی داوایکردووە، پارێزگاری بکرێت لە سەربەخۆیی دادگا و ڕێزگرتن لە سەروەریی و بێ لایەنی ڕۆڵی دەزگاکەش، چونکە دوا بنەمای جێگیربوونی پرۆسەی سیاسی و بەردەوامی بوونیەتی لەسەر ڕێچکەی دەستور.