ڕووسیا بە کۆگاکردنی دانەوێڵە جەنگی سێیەمی جیھانی بەرپا کردووە

2022-05-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیشی ھۆشداری دەدەن لەبارەی مەترسی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراین لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا.

ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لەبارەی مەترسی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراین لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیھان ھۆشداری دەدەن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت، ڕووسیا بە کۆگاکردنی دانەوێڵە جەنگی سێیەمی جیھانیی بەرپا کردووە.

بە سەرپەرشتی جۆن بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی ئاسایشی خۆراک لە جیھان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراین بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی خۆراک لە سەرجەم وڵاتانی جیھان. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی، جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکراین قەیرانی برسیەتی و کەمی خۆراکی زیاتر کردووە و ئەگەر ڕووسیا ڕێگە بە ئۆکراین نەدات دەست بە ھەناردەکردنی گەنم بکاتەوە قەیرانی خۆراک چارەسەر نابێت.

ھاوکات ئانالێنا بێیەربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بە کۆگاکردنی دانەوێڵە جەنگی سێیەمی جیھانیی بەرپا کردووە و بەم جۆرەش دەیەوێت جیھان برسی بکات.