ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی لوبنان؛ حزبوڵا زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە
2022-05-16
|
کوردسات نیوز
جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە لوبنان بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆی لوبنانیش رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن ٤١% بووە.
بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی بڵاوکراونەتەوە، حزبی "القوات" ٢٠ کورسی و بزووتنەوەی "ئەمەل" کە "نەبی بەڕی" سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی دەکات ١٧ کورسی بەدەستھێناوە و حزبوڵاش تا ئێستا خاوەنی ٢٣ کورسییە.
دەزگای ھەڵبژاردنی رەوتی نیشتمانی ئازادیش رایگەیاند، پارتەکەیان کە لەلایەن "میشێل عەون" سەرۆکی لوبنانەوە دامەزراوە و ھاوپەیمانی لەگەڵ حزبوڵا ھەیە، ١٦ کورسی بەدەستھێناوە، لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنی پێشوو ١٨ کورسی ھەبووە.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان کە دوێنێ بەڕێوەچوو، یەکەمین ھەڵبژاردن بوو لە دوای کارەساتەکەی بەندەری بەیروت و ئەو قەیرانە سەختە ئابوورییەی لوبنانی گرتەوە، ١٠٣ قەوارەی سیاسی، کە ٧١٨ کاندیدیان ھەیە، بەسەر ١٥ بازنەی ھەڵبژاردندا دابەشبوون و کێبڕکێیان لەسەر ١٢٨ کورسیی پەرلەمان کرد، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن نزیکەی ٤١% بووە.
|