دادگای فیدراڵی: حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەش بکات

2022-05-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە وەڵامی داوایەکی سەرۆکایەتی کۆماردا سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر ڕایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر جگە لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا بە ئەنجومەنی نوێنەران، تەواوی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی ھەیە بۆ ڕایکردنی کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەت.

بە پێی لێکدانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەش بکات و، توانای دامەزراندنی پلە تایبەتەکان یان لابردنیانی نییە و ناشتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەت بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێ پێکدەھێندرێت، یاخود متمانە لە حکومەت یان سەرۆک وەزیرانەکەی وەردەگیرێتەوە، یاخود کاتێک ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵدەوەشێتەوە.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ فشارخستنە لەسەر لایەنەکانە، بۆ ئەوەی ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەت کاراتر بێت و ئەنجامێکی ئەرێنی ھەبێت.