وەزارەتی کارەبا: لە دابەشکردنی کارەبا جیاکاری دەکرێت لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم

2022-05-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم ڕایگەیاند, لە ساڵی ٢٠١٥ەوە نایەکسانی لەدابەشکردنی وزەی کارەبا ھەیە لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێم و لەو کاتەوە بەبەردەوام وەزارەتی کارەبا دەیەوێت بگاتە خاڵی یەکسان بۆ دابەشکردنی کارەبا.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم دەیەوێت لە رێگەی پشکنینی خواستەوە ئاستی بەکارھێنانی کارەبای پارێزگاکان دیاری بکات، سەرەتاش لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەوە دەست پێدەکات دواتریش ھەولێرو دھۆک دەگرێتەوە.

وەزارەتەکە لەرێگەی پێدانی ٤٨ کاتژمێر کارەبای بەردەوامەوە پشکنینەکە دەکات، دواتر بڕیار لەسەر بەشی کارەبای پارێزگاکان دەدات.

بەپێی زانیاریەکان، تائێستاش جیاوازییەکی زۆر لەپێدانی کارەبا بە سلێمانی و دەوربەری بەراورد بە ھەولێرو دھۆک کراوەو رێژەیەکی کەمتریان پێدراوە.

بەنمونە، لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لەھەولێر نزیکەی ٦٣٩ ھەزارو، لەدھۆکیش ٣٩٠ ھەزار ھاوبەش بووە، بە ھەردوو پارێزگاکەش ٥٨% ی ھاوبەشیان ھەبووە، بەڵام ٦٦% وزەی کارەبای ھەرێمیان بۆ تەرخانکراوە.

ھاوکات ھاوبەشانی کارەبا لەسلێمانی ٦٩٨ ھەزار و لەھەڵەبجەش ٣٧ ھەزار بووە، بە ھەردوو پارێزگاکەشەوە ٤٢% ھاوبەشی کارەبایان ھەبووە، کەچی تەنھا ٣٤% وزەی کارەبایان بۆ تەرخانکراوە، واتە سەدا ١٦ کەمتریان بۆ دابینکراوە.

لە پرسی داھاتیشدا جیاوازییەکی گەورە بەدی دەکرێت، لەوەشیاندا نادادپەروەری بەرانبەر سلێمانی بەدیدەکرێت، چونکە ھەر لە مانگی ئازاردا داھاتی کارەبا لەھەولێر نزیکەی ٤ ملیار و نیو بووە، لەدھۆکیش تەنھا ٣ ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دینار بووە.

لە سلێمانیش لەمانگی ئازاردا، داھاتی کارەبا ١٦ ملیار دینار بووە، لەھەڵەبجەش ١٢٦ ملیۆن دینار بووە.

بەوەش دەردەکەوێت لەسلێمانی و دەوروبەری کە دوو ھێندەی ھەولێرو دھۆک داھاتی ھەبووە، کەچی بڕی پێدانی وزەی کارەبای زۆر کەمتر بووە لەوان.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم لەگەشتی ھەواڵە ئابورییەکانی کوردسات نیوز رایگەیاند، لەپێدانی کارەبادا ھیچکات جیاوازییان لەنێوان شارەکاندا نەکردووەو لەئێستاشدا ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە بتوانن دادپەروەری بچەسپێنن.

بەڵام ھەر بەوتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە نایەکسانی لەدابەشکردنی وزەی کارەبا لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێم ھەیە، بەڵام لەوکاتەوە بەبەردەوام دەیانەوێت بگەنە خاڵی یەکسان بۆ دابەشکردنی کارەبا.

بەوتەی ئومێد ئەحمەد، خواست لەسەر کارەبا لەوەرزی ھاوین لە ھەولێر بەرزترینە، بەڵام لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەھۆی کەشو ھەواوە زستان زۆرترین خواستی لەسەر کارەبا ھەیە و ناتوانن لەوەرزی زستان تێست بۆ خواستی کارەبای پارێزگاکانی ھەرێم بکەن و تەنھا لەھاوین و سەرەتای پایز دەتوانن ئەو کارە بکەن.