سلێمان ھەڵشۆیی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت

2022-05-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دۆسێی سلێمانی ھەڵشۆیی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

"شۆڕش ئیسماعیل" وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا ھەزار و ٢٠٠ سکاڵا لەسەر سلێمان ھەڵشۆیی تۆمارکراوە و بڕی ئەو پارەشی لەگەڵ سکاڵاکاران و ھاووڵاتیان مامەڵەی پێوەکردووە ١٥ ملیۆن دۆلار بووە.

وتیشی، ٨٧ تۆمەتبار بەھۆی پەیوەندییان بە کەیسەکەوە ڕاگیران و دواتر سەرجەمیان جگە لە سلێمان ھەڵشۆیی بە کەفالەت ئازاد کران.

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی، لە ئێستادا کەیسی سلێمان ھەڵشۆیی لە قۆناغی کۆتایی لێکۆڵینەوەدایە بەڵام وادەیەکی زیاتری دەوێت تاکو کەیسەکە یەکلایی دەکرێتەوە و دواتر سلێمان ھەڵشۆیی بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

سلێمان ھەڵشۆیی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بێ گرێبەستی یاسایی، ئۆتۆمبێل و زەوی و خانوو و ئاژەڵی بە بەسوود و ماوە لە ھاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین وەرگرت، بەڵام دواتر مایەپووچبوونی ڕاگەیاند و ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستگیرکرا.