ئەمریکا ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیرکردنی باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا تەرخان دەکات

2022-05-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی کۆشکی سپی ڕێگە بە ھەندێک لە وەبەرھێنانە بیانییەکان دەدات لەو ناوچانەی باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان، بە بێ ئەوەی سزاکان بیانگرێتەوە، وەبەرھێنان بکەن. وتیشی، ئامانج لەم ھەنگاوە یارمەتیدانی ناوچەکەیە کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە.

(ڤیکتۆریا نولاند) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن مۆڵەتێکی گشتی دەردەکات و کۆمپانیاکان لە سزا و کۆتوبەندەکانی ئەمریکا ئازاد دەکات، کە دەیانەوێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری وەبەرھێنان بکەن.

نولاند وتی، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەمریکا بە نیازە مۆڵەتێکی گشتی دەربکات بۆ ئاسانکردنی کارەکانی چالاکییە وەبەرھێنانە ئابوورییە تایبەتەکان.

نولاند ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا دەیەوێت لەمساڵدا ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیرکردنی باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا تەرخان بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئاشکرایکردووە، مۆڵەتەکە تەنھا دەدرێت بە وەبەرھێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری، بەڵام کەرتی نەوت ناگرێتەوە.