ئۆکراین تێپەڕبوونی گازی روسیا لە خاکەکەیەوە بۆ ئەوروپا رادەگرێت

2022-05-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئۆکراین تێپەڕبوونی گازی روسیا لە خاکەکەیەوە بۆ ئەوروپا رادەگرێت، روسیاش ئیدانەی ئەو ھەنگاوە دەکات و رایدەگەیەنێت، بە دوای جێگرەوەدا دەگەڕێن.

کۆمپانیای "جاتسو"، کە سیستمی گازی ئۆکراین بەڕێوەدەبات رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تێپەڕبوونی بارە گازەکانی روسیا لە رێگەی "سوخرانیڤکا"وە رادەگرن، ئەوەش چالاککردنی ئەو بەندەیە کە ماف دەدات بە کۆمپانیاکە بۆ راگرتنی ھەناردەکردنی گاز، کاتێک رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی دەرەکی دەبێتەوە.

کۆمپانیا ئۆکراینیەکە دەڵێت، سوپای روسیا دەستیانکردووە بە گواستنەوەی گاز لە ئۆکراینەوە بۆ دوو ھەرێمە جوداخوازەکەی نزیک لە روسیا لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین، دەشڵێت، بەھۆی دەستوەردانەکانی سوپای روسیا لە کاروبارە تەکنیکییەکانیان ناتوانن کار بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی پابەندی گواستنەوەیان بۆ ھاوبەشە ئەوروپییەکانیان بە تەواوی جێبەجێبکەن، بە شێوەیەکی کاتی وزەی بەردەست بۆ خاڵی سۆدجە دەگوازنەوە.

 لە بەرامبەردا کۆمپانیای گازپرۆمی روسی رایگەیاند، ھیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی بەربەست یان ناچارکردن لە بەردەم ھەناردەکردنی گاز.