ناوی سەرۆکی داھاتووی یانەی چێڵسی راگەیەندرا

2022-05-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یانەی چێڵسی بە شێوەیەکی رەسمی رایگەیاند کە تۆد بۆھلی ئیمزای لەسەر کڕینی یانەکەیان کردووەو دەبێتە شوێنگرەوەی رۆمان ئەبرامۆڤیچ .

لە مانگی سێی رابردووەوە ملیاردێرە رووسیەکە کە ماوەی ٢٠ ساڵ سەرۆکایەتی بلوز دەکات، بەھۆی جەنگی روسیاوە دژی ئۆکراین ناچارکرا چێڵسی بفرۆشێت .

لە راگەیەندراوێکدا ماڵپەڕی رەسمی چێڵسی ئەوەی خستووەتەڕوو کە شەوی ھەینی کۆمەڵەی ھاوپەیمانێتی بۆھلی کە ھەریەک لە تۆد بۆھلی و کلیریک کاپیتاڵ و مارک واڵتەر و ھانسجۆرج ویسی کۆکردووەتەوە، ئیمزایان لەسەر کڕینی یانەکە کردووە .

چێڵسی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بۆھلی بڕی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن پاوەنی پێشکەش کردووە بۆ کڕینی بلوز و ھەروەھا بڕی یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆنیش بۆ پەرەپێدانی چێڵسی دانراوە کە بە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە چوار ملیار پاوەن .

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە لە ئێستادا سەرۆکە نوێیەکە چاوەڕێی رەزامەندی حکومەتی بەریتانیا و پرێمەر لیگ  دەکات بۆ ئەوەی سەردەمی نوێی شین پۆشەکان دەستپێبکات .