مان یونایتد بە لێدانێكی سزا لە ئەستۆن ڤیلای بردەوە
لە هەفتەی ١٧ی پرێمەرلیگ و لە نێو یاریگای ئۆڵد ترافۆرد، یانەی مانچستەر یونایتد میوانداری یانەی ئەتسۆن ڤیلای كرد.
یارییەكە هاوسەنگییەكی زۆری پێوەدیار بوو و یاریزانانی هەردوو تیپ چەند جارێك لە تۆماركردنی گۆڵ نزیكبوونەوە، بەڵام شەیتانە سورەكان دەستپێشخەربوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵدا كاتێك لە دەقەی ٤٠ ئەنتۆنی مارسیال تیپەكەی بە گۆڵَێك كردە پێشەنگ و نیوەی یەكەم بەو جۆرە كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا ئەستۆن ڤیلا بە شێوەیەكی باشتر دەركەوت و لە دەقەی ٥٨ بێرتراند تراورێ بە پاسێكی جاك گریلیش ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
بەڵام دوای تەنیا دوو دەقە داوەر لێدانێكی سزای بۆ مان یونایتد هەژماركرد كە دواتر كاردانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و گومان لەوە دەكرا لێدانی سزا بێت و لە ڕێگەیەوە برۆنۆ فێناندێز گۆڵی دووەمی تیپەكەی هێنا و بەو شێوەیە مان یوناتید بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی نوسییەوە.
بەم سەركەوتنە مان یونایتد كۆی خاڵەكانی بۆ ٣٣ بەرزبووەوە و لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی پریمەرلیگدایە و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای لیڤەرپوڵەوەن.
|