ئەمریکا: لێدوانی لێپرسراوانی روسیا لەبارەی سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی مەترسیدارە

2022-04-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لێدوانی لێپرسراوانی روسیا لەبارەی سەرھەڵدانی جەنگی سێیەمی جیھانی و شەڕی ئەتۆمیی زۆر مەترسیدارە.

دوابەدوای کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ پڕچەککردنی ئۆکراین کە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رەخنەی لە لێدوانێکی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا گرت کە رایگەیاندبوو، ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕێکی ئەتۆمیی لە ئۆکراین لەئارادایە و نابێت ئەو مەترسییە پشتگوێ بخرێت.

ئۆستن رایگەیاند، ھیچ کەس و لایەنێک نایەوێت جیھان توشی شەڕێکی ئەتۆمیی ببێت و ئەو جۆرە لێدوانانە زۆر مەترسیدارن و ھیچ سودێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئالۆزییەکان نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە داھاتوویەکی نزیکدا گروپێکی پەیوەندیی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراین پێکدەھێنن و مانگانەش گروپەکە کۆدبێتەوە.