گۆتێرێس سەردانی تورکیا و مۆسکۆ و کیێڤ دەکات

2022-04-24   |  
گۆتێرێس
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، زنجیرەیەک سەردانی پەیوەست بە رەوشی ئۆکراین دەکات و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی تورکیا دەبێت، رێکخراوە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرایکردووە.

سەردانەکەی گۆتێرێس بۆ تورکیا لە بەر رۆشنایی رۆڵی کاریگەریی تورکیا دەبێت لە نێوەندگیری و کارکردنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی ئۆکراین، ئەوەشی ئاشکراکردووە، گۆتێرێس رۆژی سێشەممە سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

رۆژی پێنج شەممەش گۆتێرێس دەچێتە کیێڤ و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و کارمەندانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆدەبێتەوەو دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی نێوان روسیاو ئۆکراین و کارکردن بۆ زیادکردنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە تاووتوێ دەکات.