روسیا کۆگایەکی چەکی لە ئۆدێسا بۆردومان کرد

2022-04-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سوپای روسیا کۆگایەکی چەکی لە شاری ئۆدێسای ئۆکراین بۆردومانکرد و رایگەیاند، ئەو چەکانەی تێدا بووە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئۆکراینیان ناردووە، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە ٨ کەس کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، ھێزە سەربازییەکانیان بە مووشەکی دوورمەودای زۆر ورد لە پێکانی ئامانجەکان، وێستگەیەکی لۆجیستیان لە ناو فڕۆکەیەکی سەربازیی لە نزیک ئۆدێسا کردووەتە ئامانج، کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای تێدا بووە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، لەبارەی بۆردوومانەکەوە رایگەیاند، ٧ مووشەک ئاڕاستەی ئۆدێسا کراون، کە ھەندێک لە مووشەکەکان بەر باڵەخانەی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکان کەوتوون و بەھۆیانەوە ٨ کەس کوژراون و ١٨ بۆ ٢٠ کەسی تریش بریندار بوون.