لێپرسراوانی ئەمریکا: مانگی داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت لە جەنگی ئۆکراین

2022-04-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، مانگی داھاتوو بۆ جەنگی ئۆکراین یەکلاکەرەوە دەبێت.

لەلایەک ئەمریکا و ئەوروپا ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ زیاتر کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە سوپای ڕوسیا لە ناوچەی دومباس پێشڕەوی کردووە.

 ڕۆژنامەکە نوسیوویەتی، ھاوکارییە نوێیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئۆکراین، مانای ئەوەیە ھێشتا ڕوسیا سەرکەوتوو نەبووە لە بردنەوەی جەنگەکە و بەو ئاسانییەش ناتوانێت ئۆکراین داگیر بکات، کە بە دەروازەی خۆرھەڵاتی ئەوروپا دادەنرێت.

ڕۆژی چوار شەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە بە بەھای ٨٠٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکراین دەکەین و لە نێو ھاوکارییەکاندا چەکی قورس و کەلوپەلی سەربازی بونیان ھەیە .

لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی، بایدن ڕایگەیاند ئەمریکا ھەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی چەکی قورسی وەک تۆپھاوێژ، فرۆکەی بێفرۆکەوان و ١٤٤ ھەزار پارچە چەک و تەقەمەنی.

جگە لە ھاوکارییە سەربازییەکان، بایدن بەڵێنی پێدانی ٥٠٠ ملیۆنی دۆلاری دیکەی دا بۆ بوژانەوەی ئابووری و ھاوکاریکردنی حکومەتی ئۆکراین.