تورکیا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تۆمەتبار دەکات بە درێژکردنەوەی جەنگی ئۆکراین

2022-04-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تۆمەتبار دەکات بە درێژکردنەوەی جەنگی ئۆکراین بۆ لاوازکردنی ڕووسیا، دەشڵێت دەکرێت مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا بکەن بە بێ ئەوەی دانی پێدا بنێن.

چاوش ئۆغلۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ژمارەیەک لە دەوڵەتی ئەندامی ناتۆ دەیانەوێت جەنگی ئۆکراین بەردەوام بێت، بەو ئامانجەی ڕووسیا لاواز ببێت، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە ناوی ئەو دەوڵەتانە ئاشکرا بکات.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریاش، چاوش ئۆغلۆ ڕایگەیاندووە، دەکرێت وڵاتەکەی لە دۆسییەکانی تیرۆر و کۆچبەراندا ھەماھەنگی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ھەبێت، بە بێ ئەوەی دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنێت.