نەتەوە یەکگرتووەکان: رۆژانە نزیکەی ٣٠ ھەزار ئۆکراینی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان

2022-04-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی ٣٠ ھەزار ئۆکراینی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، زیاتر لە ٨٧٠ ھەزار ئۆکراینی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان و لە ئێستاشدا رۆژانە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس دەگەڕێنەوە بۆ ئۆکراین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیار نییە ئەو کەسانە بە مەبەستی دەربازکردنی کەسوکاریان یاخود ھاوکاریکردنی سوپای ئۆکراین دەگەڕێنەوە.

نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباریی مرۆیی راشیگەیاندووە،  بەھۆی ھێرشەکانی روسیا، تا ئێستا حەوت ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لە ناوخۆی ئۆکراین ئاوارە بوون و زیاتر لە چوار ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەسیش رویان لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراین و وڵاتانی تری ئەوروپا کردووە.