ئۆکراین داوا دەکات روسیا بخرێتە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر

2022-04-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین داوا لە ئەمریکا دەکات، روسیا بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی تیرۆر دەکەن.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە دواین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوانیان،  ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین داوای لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە، روسیا بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی لە تیرۆری نێودەوڵەتی دەکەن.

رۆژنامەکە ئاشکراشیکردوە، بایدن بەڵێنی پابەندبوونی بە داواکەی سەرۆکی ئۆکراین نەداوە، بەڵام ئامادەیی دەربڕیووە بۆ سزایەکی سوکتر بۆ فشارکردن لە روسیا، لە بەرامبەر ھێرشە سەربازییەکەی دژی ئۆکراین.

لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دامەزرێندراوە و لە ئێستادا سوریا و ئێران لە لیستەکەدان، لە ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ٢٠٠٤ عێراقیش لە لیستەکەدا بوو، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس، عێراق لەو لیستە دەرھێندرا.