کۆمپانیای فایزەر رەتیدەکاتەوە ڤاکسینەکەی کاریگەری لاوەکی لەسەر دڵی مرۆڤ ھەبێت

2021-06-02   |  
کۆمپانیای فایزەر
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمپانیای فایزەر رەتیدەکاتەوە ڤاکسینەکەی ھیچ کاریگەریەکی لاوەکی لەسەر دڵی مرۆڤ ھەبێت

دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل رایگەیاند تا ئێستا ٢٧٥ کەس لەو کەسانەی لە ئیسرائیل ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتوە توشی ھەوکردنی ماسولکەی دڵ بون و زۆرینەشیان گەنج بوون ،کۆمپانیای فایزەر لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە ڤاکسینەکە ھیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر دڵ دروست بکات و رایگەیاند ، ئاگاداری ئەو حاڵەتانەن کە لە ئیسرائیل تۆمارکراوە ، بەڵام ئەو حاڵاتانە ھیچ پەیوەندییەکی بە ڤاکسینی فایزەرەوە نیە ،بەمنزیکانەش نوێنەرانی کۆمپانیاکە لەگەڵ فەرمانگەی سەلامەتیی ڤاکسینەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل کۆ دەبنەوە بۆ پێداچونەوەی وردەکارییەکان.
ھاوکات کۆمەڵەی راوێژکاری سەر بە ناوەندەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکان و خۆ پاراستن لێیان ، داوای کردوە توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھەوکردنی ماسولکەی دڵ و ڤاکسینەکان بەتایبەت ڤاکسینی "فایزەر-مۆدێرنا" کە لەماوەی رابردوودا لەسەر ئاستی جیھان داواکارییەکی زۆری لەسەر ھەبوە.