ژمارەی کوژراوانی ھێرشە مووشەکییەکەی شاری کراماتۆرسک گەیشتە ٥٠ کەس

2022-04-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژمارەی کوژراوانی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین، بۆ ٥٠ کەس بەرزبووەوە، سەرۆکی ئۆکراینیش ڕووسیا بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکات.

سەرۆکی شارەوانیی ھەرێمی دۆنێتسک لە باشووری خۆرھەڵاتی ئۆکراین، ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر، لە شاری "کراماتۆرسک" لە ھەرێمی دۆنێتسک کوژراون، بۆ ٥٠ کەس بەرزبووەتەوە و ١٠٠ کەسیش برینداربوون.

ھەرچەندە ئاشکرا نەبووە چی لایەنێک لە پشت ئەنجامدانی ھێرشەکەوەیە، بەڵام ڕووسیا و ئۆکراین یەکتری بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکەن. لەو بارەیەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسیکی، سەرۆکی ئۆکراین لە میانی وتارێک لە بەردەم پەرلەمانی فنلەندا ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا ھێرشەکە مووشەکییەکەی ئەنجامداوە.

لە بەرامبەر تۆمەتەکانی ئۆکراین، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕەتیکردەوە ھیچ ھێرشێکی کردبێتە سەر شاری "کراماتۆرسک" و ڕایگەیاند، تەنھا سوپای ئۆکراین ئەو جۆرە مووشەکە تەکتیکیانە بەکاردەھێنێت، کە ھێرشەکەی پێئەنجامدراوە.