ئەمریکا ھەوڵ دەدات ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەربکات

2022-04-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا ھەوڵی دەرکردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بوونی ڕووسیا کە تێوەگلاوە لە تاوانی جەنگ لە ئۆکراین، جێگەی پێکەنینە.

لیندا تۆماس گرینفێڵد نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە بوونی ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جێگەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە و لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، ھەوڵی دەرکردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنەکە دەدەن.

وتیشی، ئەو پەیامەیان ئاڕاستەی ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەکەن، کە کاتی ئەوەیە ئازایانە بوەستنەوە، ئەوەش بەھۆی ئەو وێرانکارییانەی لە شاری بوچای ئۆکراین بینران.

دەرکردنی ھەر ئەندامێک لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستی بە دەنگی بەڵێی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەکەیە و ئەگەری ھەیە ئەم ھەفتەیە بخرێتە دەنگدانەوە.