لە ئەڵمانیا پیاوێک ٩٠ جار ڤاکسینی کۆرۆنای لەخۆی داوە

2022-04-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پیاوێک لە ئەڵمانیا ٩٠ جار ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لەخۆی داوە و کارتێکی زۆری وەرگرتنی ڤاکسینی کۆکردووەتەوە تاوەکو بیانفرۆشێت.

پیاوەکە تەمەنی ٦٠ ساڵە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٩٠ جار لە چەند بنکەیەکی تەندروستی شاری ماگدیبورگ لە ئەڵمانیا ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە.

 پۆلیسی شاری ماگدیبورگ لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و دەڵێت توانیویەتی کارتەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ساختە بکات و بیدات بەو کەسانەی کە نایانەوێت ڤاکسینەکە وەربگرن.

ناسنامەی پیاوە ئەڵمانییەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئاژانسی ھەواڵی "دی پی ئەی" ئەڵمانی ڕایگەیاند کەسەکە دەستگیرنەکراوە تەنیا لێکۆڵینەوە دەکرێت لەبارەی دەنگۆکان.

ئەو کەسە دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لەسەر یەک چووەتە یەکێک لە بنکە تەندروستییەکان لە شاری ماگدیبورگ و داوای کردووە ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لێبدەن، ئاشکرا بووە.

پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر چەندین کارتی بەتاڵی وەرگرتنی ڤاکسیندا کە لەلایەن ئەو کەسەوە ھەڵگیراون.