کۆشکی سپی: پلانی پوتن بۆ داگیرکردنی ئۆکراین شکستیھێنا

2022-04-02   |  
کۆشکی سپی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین پێ دەنێتە ٣٨ەمین رۆژەوە، کۆشکی سپی ئەمریکاش رایدەگەیەنێت، پلانی داگیرکردنی ئۆکراین شکستیھێناوە.

جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پلانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بۆ داگیرکردن و شکستھێنان بە ئۆکراین، شکستیھێناوە و ئەمریکا بە چەکی دژی ھێرشی کیمیایی ھاوکاری ئۆکراین دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامی ھەر ھێرشێکی کیمیایی روسیا لە دژی ئۆکراین دەدەنەوە.

ھاوکات وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، ھێزەکانیان کۆگای سوتەمەنی و چەند فڕۆکەخانەیەکی ھێزەکانی ئۆکراینیان، بە موشەک کردوەتە ئامانج، راشیگەیاند، لە سەرەتای ھێرشەکەیانەوە کە ٣٨ رۆژە دەستیپێکردوە، ٣٨١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھەزار و ٨٨٢ تانکی سوپای ئۆکراینیان لەناوبردووە.