لێبوردنی نێودەوڵەتی: روسیا لە ھێرشەکانی سەر ئۆکرایندا بۆمبی ھێشوویی بەکارھێناوە

2022-04-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، روسیا لە ھێرشەکانی سەر ئۆکرایندا بۆمبی ھێشوویی قەدەغەکراوی بەکار ھێناوە، کە ئەوەش پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیییە.

ئاشکراشیکردوە، سوپای روسیا چەندین ھێرشی ھەڕەمەکی کردوەتە سەر ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە و ئەوانەش بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێن.

پێشتریش سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، روسیا بۆمبی ھێشوویی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە، لە بەرامبەردا مۆسکۆ بە دەنگۆیەک وەسفیکرد و رەتیکردەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر داوای لە روسیا کردبوو رێگە بە گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری بۆ ھاوڵاتیانی گەمارۆدراوی شارەکانی ئۆکراین بدات و رێڕەوی سەلامەت بۆ دەربازکردنیان بکاتەوە.