تەکنەلۆژیا

حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە "تیک تۆک" تانە لە بڕیاری دادوەر دەدات


لە هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە، حکومەتی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە تانەی لە بڕیارێکی "کارڵ نیکۆڵز"ی دادوەری فیدڕاڵی دا کە ڕێگری لە وەزارەتی بازرگانی دەکات لە سەپاندنی کۆت و بەند بەسەر پڕۆگرامی بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆی ناسراو بە "تیک تۆک" کە لەلایەن سەرمایەدارانی چینیەوە خاوەنداریەتی دەکرێت و لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگیراوە.

بە پێی هەواڵەکە، ڕۆژی ٧ی مانگی کانوونی یەکەم "کارڵ نیکۆڵز" دادوەری فیدراڵی دادگای ویلایەتی کۆڵۆمبیا لە شاری (واشنتۆن دی سی) بڕیارێکی دەرکردووە سەبارەت بە ڕێگرییەکانی وەزارەتی بازرگانی لە پڕۆگرامی "تیک تۆک" و تێیدا هاتووە کە وەزارەتی بازرگانی چیتر ناتوانێت کۆت و بەندی وەک (ڕێگەگرتن لە کۆکردنەوەی داتا لەناو ئەمریکا) و (لەکارخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و مامەڵە تەکنیکییەکانی تر) بخاتە بەردەم پڕۆگرامی ناوبراو، کە ئەمەش کاردانەوەی حکومەتی ئەمریکای لێکەوتەوە.

لە بەرامبەریشدا ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ تانەی لە بڕیارەکە دا و داوای پێداچوونەوەی کرد بە بڕیارەکەدا و دووبارە "تیک تۆک"ی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانا و ڕایگەیاند کە حکومەتی چین لە ڕێگەی پڕۆگرامی ناوبراوەوە داتا و زانیاری تایبەتی هاووڵاتیانی ئەمریکی دەستدەکەوێت و دەتوانێت بەکاریانبهێنیت بەو جۆرەی لە بەرژەوەندیان بێت.

لە کۆتایشدا، وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ویلایەتی کۆڵۆمبیا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن.

2 مانگ پێشتر - Dec 29 2020 3:17PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
1